Tuesday, March 22, 2016
3:05 AM

هەموو ئەو شتانەی کە لە کۆنگرەکەی ئەپڵدا ڕاگەیەندران



ئەمشەو کاتژمێر ٨ بەکاتی هەولێر کۆمپانیای ئەپڵ کۆنگرەیەکی ئەنجامدا لە بنکەی سەرەکی کیوپەرتینۆ لە ویلایەتی كالیفۆڕنیا، لە کۆنگرەکەدا چەند شتێکی نوێ ڕاگەیەندران ، لەوانە ڕاگەیاندنی دوو بەرهەمێ نوێ ئەوانیش بریتیبوون لە (iPhone SE) وە (جۆرێکی نوێی iPad Pro بەقەبارەی ٩.٧ ئینچ) ، جگە لەمانەش وەشانی نوێی بۆ سیستمە وەگەرخەڕەکانی بڵاوکردەوە لەوانە وەشانە نوێیەکانی ( iOS 9.3 ، tvOS 9.2 وە watchOS 2.2) . لەوانەیە تۆ بەهۆی سەرقاڵی یان گەشتەوە کۆنگرەکەت لەدەست دابێت!لەم بابەتەدا هەموو زانیارییەکان دەربارەی کۆنگرەکە بزانە .
لە سەرەتادا بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەپڵ (تیم کوک) کۆنگرەکەی دەستپێکرد بە ڕوونکردنەوەیەک دەربارەی پێکداچوونەکەیان لەگەڵ دەزگای (FBI) و وتی : “ئێمە باوەڕمان هەیە کە دەتوانین سەرجەم داتاکانت و زانیارییەکانت بپارێزین!”.
دواتر لیزا جاکسۆن بەڕێوەبەری کاری ژینگەیی ئەپڵ هاتە سەر ستەیج و باسی لەوەکرد کە لە سەدا ٩٣ ـی کارگەکانی ئەپڵ پشت بە وزەی نوێبوەوە دەبەستن وە گەیشت بە ئامانجی ڕێژەی %١٠٠ لە ٢٣ وڵاتدا . هەروەها گوتی کە %٩٩ ی بەرهەمەکانیان لە ڕووی پاکەتەوە لە پەڕەی ڕیسایکل کراوەوە دروست دەکرێت.لە کورتە ڤیدیۆیەکدا ، ئەپڵ ڕۆبۆتێکی نوێی لێکۆڵەرەوە و گەشەپێدەری پیشاندا بە ناوی ڵیام “Liam” ئەمەشیان ڕۆبۆتێکە بۆ گۆڕینی چوارچێوە و پلێتی ئایفۆنەکان بۆ کانزا .
هەروەها ئەپڵ ئامرازی “CareKit” ـی ڕاگەیاند ، ئەوەشیان ئامرازێکی لێکۆڵەرەوەی نوێیە بۆ خەڵکی بۆ زانیاری وەرگرتن دەربارەی تەندروستیان و چەند زانیارییەکی تر ، ئامرازەکەش مانگی نیسان بەردەست دەبێت .
چەند نوێکارییەک بۆ کاتژمێری ئەپڵ و تەلەفزیۆنی ئەپڵ
لە کۆنگرەکەدا ڕاگەیەندرا کە داشکاندن بۆ نرخی کاتژمێری ئەپڵ (Apple Watch) دەکرێت و نرخەکەی دەبێت بە ٢٩٩$ . هەروەها لەگەڵ ڕاگەیاندنی چەند باندێکی دەستی نوێ و ڕەنگی جیاواز .


لەو کاتەوەی تەلەفزیۆنی ئەپڵ (Apple TV) ڕاگەیەندراوە ، تا ئێستا زیاتر لە پێنج هەزار ئەپ بۆ Apple TV هەیە. هەروەها کوک ئاماژەی بە چەند نوێکاریەک دا بۆ سیستمی وەگەرخەڕی تەلەفزیۆنەکە، لەوانە زیادکردنی فۆڵدەر و وەرگرتنی دەنگی و سەیرکردنی وێنەی ڕاستەوخۆ لەسەر تەلەفزیۆنەکە .
iPhone SE


ئەپڵ لە کۆنگرەکەدا نەوەیەکی نوێی ئایفۆن بە ناوی “iPhone SE” ڕاگەیاند . قەبارەکەی ٤ ئینچە ، iPhone SE بە پڕۆسێسەری ٦٤ بتی A9 و كۆپڕۆسێسەری M9 كاردەکات . ڕوونی کامێراکەی ١٢ مێگاپیکسڵە لەگەڵ چەند تایبەتمەندییەکی ئاسایی وەکو پانۆڕاما ، خێراکردنی دیمەنەکان ، هێواش کردنەوەی دیمەنەکان، تۆمارکردنی ڤیدیۆ بە کوالێتی 4K ، وێنەی ڕاستەوخۆ.کامێرای سێڵفیەکەیشی توانای لێدانی ڕووناکی (فلاش)ـی هەیە. هەروەها پشتگیری تایبەتمەندییەکانی Apple Pay و Touch ID دەکات.ئایفۆنەکە بەچوار ڕەنگی خۆڵەمێشی ، زیوی ، زێڕی، زێڕی گوڵاوی بەردەست دەبێت . نرخی ئەم ئایفۆنە نوێیە لە ٣٩٩$ دەست پێدەکات و دوای دە ڕۆژی تر بەردەست دەبێت بۆ کڕین، ئەپڵ وا پلانی داناوە کە تا کۆتایی مانگی پێنج مۆبایلەکە لە ١١٠ وڵات بەردەست بکات .
iOS 9.3
چەند گۆڕانکارییەک لەم وەشانە نوێیەدا کراوە،گرنگترینیان برییتیە لە دۆخی شەو (Night Shift) ئەمەشیان هاوشێوەی بەرنامەی (f.lux) کاردەکات، ئەم دۆخە ڕەنگی شین دەسڕێتەوە لەکاتی چالاککردنی ئەمەش بەمەبەستی زەرەر نەگەیاندن بە چاوەکان لەکاتی خوێندنەوە لە شوێنی تاریک . بەگوتەی ئەپڵ ئەم دۆخە یارمەتی چاوەکانت دەدات و دەتوانیت ئارامتر بخەویت، شوێنەکەت دیاری دەکات بۆ ئەوەی ڕووناکیەکانی شاشەکە ڕێکبخات بەپێی کاتی شوێنەکەت . هەروەها ئێستا ئەپی تێبینیەکان (Notes) پارێزراوترە بەهۆی دانانی پاسوۆرد یان Touch ID.


ئێستا ئەپی (Apple News) زیاتر بابەتە گەرمەکان لەخۆدەگرێت.هەروەها خزمەتگوزاری CarPlay چەند نوێکارییەکی بۆ هاتووە وەک پێشنیارکردنی گۆرانی و دیاری کردنی شوێن لەسەر نەخشە لە شوێنە نزیکەکان . هەروەها لە بواری پەروەردەش چەند نوێکارییەکی بۆ هاتووە کە زیاتر پشتگیری لە قوتابیان و مامۆستایان دەکات و کارئاسانیان بۆ دەکات.بڕیارە وەشانە نوێیەکە هەر ئەمڕۆ بگات بە بەشێک لە بەکارهێنەران ، مەرج نییە هەر ئەمڕۆ بگات بە تۆش ، تکایە گەر پێت نەگەیشت چاوەڕوان بە تاوەکو دەگات بە سەرجەم بەکارهێنەران.
جۆرێکی نوێی iPad Pro 


هەر لە کۆنگرەکەدا ئەپڵ جۆرێکی نوێی iPad Pro ـی ڕاگەیاند بە قەبارەی ٩.٧ ئینچ لەگەڵ شاشەیەکی نایابی ڕێتینا کە کێشەکەی کەمترە لە پاوەندێک! ئایپادە نوێیەکە لە شاشەکەیدا چەندەها تەکنەلۆژیای بەهێزی بەکارهێناوە بۆ باشترکردنی لەوانە تەکنەلۆژیای Oxide TFT بۆ چڕییەکی زیاتر، هەروەها ٤٧% کەمتر ڕەنگ دەداتەوە لەچاو iPad Air 2 ، وە کەمترین ڕەنگ دانەوەی هەیە لەچاو هەموو تابلێتەکان بەپێی وتەی ئەپڵ ! هەروەها گەشاوەترین و ڕووناکترین شاشەی هەیە. ئایپادەکە چوار سپیکەری دەنگی هەیە و بە پڕۆسێسەری A9X و کۆپڕۆسێسەری M9 کاردەکات كە هێزەکەی ئەوەندەی پڕۆسێسەری Xbox 360 ـە . ڕوونی کامێرای پشتەوەی ١٢ مێگاپیکسڵ و کامێرای پێشەوەی ٥ مێگا پیکسڵە و دەتوانێت ڤیدیۆی 4K تۆماربکات.

هەروەها ئەپڵ دەڵێت زۆربەی ئەوانەی ڕوودەکەنە ئایپاد پێشتر بەکاربەری ویندۆز بوونە و ناوی دەنێت“گونجاوترین و بەهێزترین جێگرەوە بۆ کۆمپیوتەر” پارچە پشتگیریکراوەکانی ئەو ئایپادە بریتین لە تەختەکلیلی زیرەک “Smart Keyboard” و لكێنەری زیرەک “Smart Connector” و پێنووسی ئەپڵ “Apple Pencil”، جگە لەمانەش دوو پارچەی تر زیادکراون ئەوانیش بریتین لە (خوێنەرەوەی میمۆری SD Card Reader) وە دووەمیشیان (لکێنەری وايەری کامێرا USB Camera Adapter). ئایپادەکە بەچوار ڕەنگی خۆڵەمێشی ، زیوی ، زێڕی ، زێڕی گوڵاوی بەردەست دەبێت . سەبارەت بە نرخەکەیشی ، نرخی ئایپادەکە بە فراوانی ٣٢ گێگابایت ٥٩٩$ ـەو بە فراوانی ١٢٨ گێگابایت ٧٤٩$ ـەو هەروەها بە فراوانی ٢٥٦ گێگابایت ٨٩٩$ دەبێت.


جگە لەمەش ، نرخی ئایپادەکانی پێشوو داشکێنراوە بەم شێوەیە :


ئەم ئایپادەش بەهەمان شێوە دوای دە ڕۆژی تر و لە ٣١ ی ئەم مانگە بەردەست دەبێت بۆ کڕین.
بە سوپاسەوە وەرگیراوە لە 
تۆری تەکنەلۆژیای زانیاری کوردی
دواتر
تازه‌ترین بابه‌ت.
Older Post

0 comments:

Post a Comment

:a :b :c :d :e :f :g :h :i :j :k :l :m :n :o :p :q :r :s :t